با سات و سەودای پیلانگێڕانەی جمهوری ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی کورد لە کوردستان شکست پێ بهێنین!

نشريات

کارگەران و خەڵکی ئازادیخواز!

هەر وەک ئاگادارن، دوای ئاشکرابوونی بەند و بەستی ژێربەژێری چوار حزبی ناسیۆنالیست لەگەڵ جمهوری ئیسلامی، کە لە “ناوەندی هاوکاری ئەحزاب لە کوردستان” کۆبوونەتەوە، شەپۆلێک لە نیگەرانی و ناڕەزایی بەرامبەر بەم هەنگاوە هاوبەشەی جمهوری ئیسلامی و ئەم حزبانە، فەزای سیاسی و سۆشیال میدیای داگیرکردووە. لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا تەیفێکی فراوان لە ئەحزاب و گرووپ و کەسایەتی خەباتکار و کۆمۆنیست بە ڕیسواکردنی دەرئەنجامە ترسناکەکانی ئەم گفتوگۆ پیلانگێڕانەیە، کە مەترسی جددییە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان، بەرپرسان و ئەنجامدەرانی ئەم سیناریۆیەیان ناچارکردووە لێدووانی ناکۆک بدەن. بە جۆرێک تا ئەم ساتەوەختە ئیمکانیەتی هەڵوێستگیرییەکی شه فافی لەوان زەوت کردووە.
بەڵام بە گوێرەی لێدووانی وتەبێژی کاتیی ئەم چوار ڕەوتە ئەوەی جەختی لەسەر کراوە، لە نێوان ئەم حزبانە و مەقاماتی ڕەسمی جمهوری ئیسلامیدا دانیشتن و گفتوگۆ و تەنانەت پێشنیازگەلێک بۆ عەمەلی کردنەوەی ئەم سات و سەودایە لە ئارادایە. ڕەنگدانەوەی هەواڵەکانی ئەم دیدار و گفتوگۆیانە و لێدووانە ناکۆکەکانی بەشداربووانی ئەو هۆکار بوون شەپۆلێک لە نیگەرانی لە ناو کۆمەڵگەدا، وە بە تایبەتی لە نێوان ڕیزەکانی خەباتکاران و موخالیفانی جمهوری ئیسلامی لە کوردستان لێ کەوتووەتەوە.
مەترسی ئەم بەند و بەستە تەنیا بە ئاماژە بە ماهیەتی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد، کە بە درێژایی ۴٠ ساڵی ڕابوردوو بەردەوام ئامادەی ڕێکەوتن بوون لەگەڵ جمهوری ئیسلامیدا شەرح ناکرێت. مەترسییەکانی ئەم هەنگاوە دەبێت لە بۆتەی هەلومەرجی سیاسی و خەباتکارانەی ئێستای کۆمەڵی ئێران و کوردستان و هاتنە مەیدانی کارگەران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ ڕزگاربوون لە جمهوری ئیسلامیدا بۆی بگەڕێین. “گفتوگۆ” لەگەڵ ڕژێمێکدا کە لە ماوەی ۴٠ ساڵی ڕابوردوودا بە سەرکوت و تاوانکاری و سەپاندنی ژیانێکی پڕ لە سووکایەتی و ناهەموار هەموو پردەکانی متمانەی پشت سەری خۆی ڕووخاندووە، سووتاو و ڕەتکراوەیە. بەرەوڕوو بوونەوەی ڕۆژانەی کارگەران و خەڵکی زەحمەتکێش لە لایەک، بەردەوام بوونی کوشتار و سەرکوتگەری و فریودان لە کوردستان لە لایەن ڕژێمی دڕندەی ئیسلامییەوە لە لایەکی دیکەوە، هێمایە بۆ ئەم واقعیەتە کە هەنگاوی یەکەم بۆ دەستپێکی هەر کرانەوەیەکی سیاسی و جێبەجێ کردنی هەر داخوازییەک، سەرنگووم کردنی جمهوری ئیسلامییە، وە ئەمە مەسەلەیەکە، کە جەماوەری ملیۆنی خەڵک لە کۆمەڵگەی ئێراندا خەباتی بۆ دەکەن.

جمهوری ئیسلامی لە پێناو دەرچوون لەم بارودۆخە دەستی هاوکاریی بۆ لای ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد درێژکردووە. هەر ئاستێک لە جێبەجێ بوونی بەند و بەست و هاوکاری ئەم ڕەوتانە لەگەڵ جمهوری ئیسلامیدا مەترسیدارە و ئاستەنگێکی گەورەیە لە بەرامبەر بە بزووتنەوەی ناڕەزایی و سەرنگوونی خوازدا، وە لەم ڕێگەیەوە کۆمەک بە مانەوە و درێژ کردنەوەی عومری جمهوری ئیسلامی دەکات. سەرباری ئەمەش بە ئەنجام گەیشتنی پرۆسەیەکی بەم چەشنە لە درێژەی خۆیدا دەتوانێت دەستی جمهوری ئیسلامی و هاوکارانی تازەی ئەو لە سەرکوتی خەباتی ڕادیکاڵی کارگەران و زەحمەتکێشان، وە بە تایبەت ئەحزاب و ڕەوتە چەپەکان ئاواڵاتر بکات. لە هەمان کاتدا دوور نییە کە یاریکەرانی بەشدار لەم نماییشەدا خۆیان ببنە قوربانی دڕندەیی هەمیشە مەوجودی جمهوری ئیسلامی، وە ئەمە وەک بەڵگەیەکی دیکە بۆ سەر مێژووی “مفاوەزات”ی ناسراو و خوێناوی پێشووی ئەمانە لەگەڵ جمهوری ئیسلامی زیاد ببێت. مێژووی جمهوری ئیسلامی پڕە لە تاوان و قوربانی وەرگرتن لە هاوکارانی تازەی خۆی. سەرانی حزبی تودە و ئەکسەریەت و خێڵی خۆشباوەڕان بە باشبوونی ڕەفتارەکانی جمهوری ئیسلامی هێشتا لە یادەوەری کۆمەڵگە و پەروەندەی تاوانکارییەکانی جمهوری ئیسلامیدا ماوەتەوە.

کارگەران، خەڵکی ئازادیخواز !
ئەحزاب و ڕێکخراوەکان، کەسایەتییە دادپەروەر و یەکسانیخوازەکان !

بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەم سات و سەودا دژی خەڵکییە، کە ئەنجامەکەی دژایەتیی ئاشکرایە لەگەڵ چوار دەیە خەباتی گیان لەسەر دەستی خەڵکی کوردستان لە دژی جمهوری ئیسلامی ڕاوەستن. لە شوێنی کار و ژیان، لە کووچە و شەقام بە حەوسەڵە و نەفەس درێژی خۆتان کۆمەڵگە لەم سیاسەتانە و ئامانجەکانی پشتی ئەم پڕۆژەیە هۆشیار بکەنەوە. ڕابگەیەنن “پیلانگێڕی جمهوری ئیسلامی و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان ئیدانە دەکەن”. وجوودی بزووتنەوە و ڕیزی سۆشیالیستی و عەدالتخوازی لە کوردستان، کە لە چوار دەیەی ڕابوردوودا بەدیهاوتووە، سەرمایەیەکی مەزنە کە دەتوانێت لەسەر بنەمای ئەوەوە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم سات و سەودایە تا شکست پێ هێنانی ئەو بەرنە پێشەوە.

لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ئێمە داوا لە هەموو حزب و ڕێکخراوەکان و ئینسانگەلی ئازادیخواز دەکەین هاوپشت و یەک دەنگ بۆ شکست پێ هێنانی ئەم سات و سەودا خەتەرناکە تێبکۆشن.

کۆمیتەی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حکمەتیست
١٨ تیر ١٣٩٨ – ٩ جوون ٢٠١٩